پێکهێنانى (هاوپەیمانى سەربەخۆییخوازانى کوردستان) هەنگاوێكە بۆ یەكێتی كوردان و زیاتر پێشڤەبردنى دۆزی رەوای گەلى کوردستان

ئێوارەى ڕۆژى 9 / 1 / 2022، سكرتێری گشتیی YNDK ، ئامادەی رێوڕەسمی راگەیاندنى (هاوپەیمانى سەربەخۆییخوازانى کوردستان) بوو كە لە پاریس دەستی بە كارەكانی كرد, لە وتارێكدا وێڕای پیرۆزبایی هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.
ئێوارەى ڕۆژى یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بە شێوەى ئۆنلاین لە رێگەى بەرنامەى (زووم) ئامادەی رێوڕەسمى راگەیاندنى (هاوپەیمانى سەربەخۆییخوازانى کوردستان) بوو، لە شارى پاریسى پایتەختى فەرەنسا بەڕێوەچوو، مەراسیمەکە سەرەتا بە ماڕشی نەتەوەیی ئەی رەقیب و وەستانی چەند ساتێك بێدەنگی بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستی بەكارەكانی كرد, لە رێوڕەسمەکەدا سكرتێری گشتیی YNDK وتارى YNDK ى پێشکەش کرد و، وێڕای پیرۆزبایی هیوای سەركەوتنی بۆ پێکهێنانى (هاوپەیمانى سەربەخۆییخوازانى کوردستان) خواست, هەروەها لە وتارەكەیدا بە كورتی تیشكی خستە سەر رەوشی كوردستان و ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە ناوچەكەدا روودەدەن و داوایكرد بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەو ئەگەرو پێشهاتانەی كە دێنە پێشەوە لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كارنامەیەكی هاوبەشیان هەبێت, لە درێژەی وتارەكەیدا بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی بۆ تەواوی هێزو لایەنە كوردستانییەكان بە فاكتەری سەرەكی یەكێتی كوردان وەسفكرد، ئەمەش دەقی وتارەکەی سكرتێری گشتیی YNDK ە, كە لە رێوڕەسمى راگەیاندنى (هاوپەیمانى سەربەخۆییخوازانى کوردستان):

وتاری غەفوور مەخموورى سكرتێری گشتیی YNDK لە رێوڕەسمى راگەیاندنى (هاوپەیمانى سەربەخۆییخوازانى کوردستان)

براى بەڕێزمان کاک جەمال پورکەریم سەرۆکى (هاوپەیمانى سەربەخۆییخوازانى کوردستان)
خوشكانی ئازیز … برایانی خۆشەویست …
هەڤاڵانی وڵاتپارێز … بەشدارانى کۆبوونەوە …
ئێوارەتان باش و سڵاوتان لێبێت …
بەڕێزان، بەناوی خۆمان و ئەندامانی كۆمیتەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و تەواوی هەڤاڵانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK پیرۆزبایی پێکهێنانى (هاوپەیمانى سەربەخۆییخوازانى کوردستان) لە هەر چوار لایەنى وڵاتپارێزو تێکۆشەر (ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد، بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان، تەڤگەری ڕزگاریخوازانی دێموکراتیکی کوردستان، یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان) و تەواوى گەلى کوردستان دەکەین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و، ئومێد دەكەین ئەم هاوپەیمانێتییە هەنگاوێك بێت بۆ یەكێتی كوردان و زیاتر پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلى کوردستان.
خۆشەویستان، ئەم هاوپەیمانێتییە لە كاتێكدا ئەنجام دەدرێت كە رۆژهەڵاتی ناڤین هەر هەمووی لە رەوشێكی زۆر هەستیارو ناسك و لەبەردەم هاتنە پێشی كۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهاتی گرنگدایە، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە بیر لە بەرژەوەندی نەتەوەییمان بكەینەوەو خۆمان ئامادە بكەین بۆ ئەو ئەگەرو پێشهاتانەی كە دێنەپێشەوە، بۆ ئەمەش دەبێ‌ كار بۆ یەکخستنى هێزو تواناکانمان بکەین، ئەم هاوپەیمانێتییە و بەستنی كۆنگرەیەکی نەتەوەیی كوردستانى كەوا تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان تێیدا بەشداربن, دەبێتە فاكتەرێكی سەرەكی بۆ یەكێتی و یەكڕیزی كوردان ئەمەش وا دەکات کەوا لە ناوچەكەدا بوونی كاریگەری خۆمان زیاتر بسەلمێنین و لە داهاتووی نزیكدا بە مافە رەواكانمان بگەین، فاكتەری سەرەكیش بۆ گەیشتنمان بە سەركەوتن یەكێتی و یەكدەنگی و یەكڕیزیمانە, ئەمەش تەنها بە پێکهێنانى هاوپەیمانیى نێوان لایەنە سیاسییەکان وبەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی دێتەدی.
بەڕێزان ؛ وەک دەبینین رژێمى کۆمارى ئێران رۆژانە بەردەوامە لە پێشێلکردنى مافى مرۆیى نەتەوەکەمان، بەردەوامە لە گرتن و زیندانى کردنى چالاکوانانى مەدەنى کورد و لە سێدارەدانیان، ئەم سیاسەتەى کۆمارى ئیسلامى ئێران سیاسەتێکى نامرۆڤانەو دژ بە ئازادییە مەدەنییەکانە و جێگەى شەرمەزارییە بۆ کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى، دوا کارى کۆمارى ئیسلامى ئێران کە هەرچەندە دواکاریان نابێت مەحکومکردنى شێرەژنى کوردى وڵاتپارێز خاتوو (زاراى محەممەدى) بوو، تاکە تاوانى (زارا خان) تەنها ئەوە بووە کەوا وانەى زمانى کوردى وتۆتەوە، لەسەر ئەم کەیسە مەحکووم کراوەو خراوەتە زیندان، ئەمەش گەورەترین شەرمەزارییە کەوا مرۆڤ نەتوانێت بە زمانى خۆى (زمانى دایک) قسە بکات، ئێمە ئەم سیاسەتانەى کۆمارى ئیسلامى ئێران دژ بە نەتەوەکەمان رەتدەکەینەوە، لەهەمان کاتدا لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە کەوا ئەم سیاسەتانەى ئێران دژ بە نەتەوەکەمان رەتبکەینەوە، بێگومان پێکهێنانى ئەم هاوپەیمانێتییە لەم کاتەدا وەڵامێکى گونجاوە بۆ رەتکردنەوەى سیاسەتەکانى ئێران بەرامبەر نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتى کوردستان.
ئامادەبووانى بەڕێز ؛ ئاشکرایە کەوا ئێستا سەردەم سەردەمی رزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوە چەوساوەكانە لەژێردەستی و دكتاتۆرییەت، بۆیە پێویستە ئێمەی كوردیش ئەوانەی كە باوەڕمان بە سەربەخۆیی كوردستان هەیە خۆمان رێكبخەین و بەیەكگرتوویی بەرەو هێنانەدی ئەم ئامانجە هەنگاو بنێین.
لە سەددەی رابردوودا هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو هەڵی بۆ كۆمەڵێ‌ نەتەوەی ژێردەست رەخساند كە ئازاد بن و سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن و ببنە خودان دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان، لەم سەددەیەشدا شۆڕش و راپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی دژی زوڵم و نایەكسانی و دكتاتۆرییەت كە لە ئەفریقاوە دەستی پێكردووە و تا ئەو دەوروبەرەی ئێمە هاتووەو بەردەوامە، كاریگەری خۆی دەبێت بۆ سەر كاروانی خەباتی نەتەوە ژێردەستەكان، بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن دەتوانێت سوود لەم هەڵا و گۆڕانكارییانە وەربگرێت و، بە كارنامەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەردەمییانە بەرەو رزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێت.
هەڤاڵانی ئازیز: هیڤیدارم ئەم هەنگاوەتان ببێتە سەرەتایەک بۆ خەباتێکى مۆدێرن و سەردەمییانە و، شێوازى دیپلۆماسى و مەدەنیانە بگرنە بەر بۆ زیاتر ناساندنى پرسى نەتەوەیى و نیشتمانى نەتەوەى کوردو گەلى کوردستان، هەروەها لەسەر هەموو لایەك پێویستە زۆر راشكاوانە كاروخەباتی ماوەی رابردووی نەتەوەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەڵبسەنگێنن و خاڵە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەكان بخەنە بەرچاو و، بوێرانەش پەنجە بخەنە سەر ئەو گرفت و كۆسپ و لەمپەرانەی هاتوونەتە رێی كارو خەباتی نەتەوەكەمان لەو بەشەی وڵات و، پێویستە بەهەموو لایەك چارەسەری دروست و گونجاو بدۆزینەوە بۆ هەڵگرتنی كۆسپ و لەمپەرەكان و دەربازبوون لە گرفتەكان، بۆ ئەمەش پێویستە (هاوپەیمانى سەربەخۆییخوازانى کوردستان)، كارنامەیەكی نوێ‌ و سەردەمییانە دابڕێژن بۆ كارو خەباتی داهاتووی نەتەوەكەمان كە لە ئاست خواستی ئێوەو هەڤاڵانتاندا بێت و، ببێتە هۆی زیاتر پێشڤەبردنی دوزى رەواى نەتەوەکەمان لە هەموو رووێكەوە.
ئازیزان: ئێستا هەڵ رەخساوە بۆ ئەوەی نەتەوەكەمان لەو بەشەی وڵات خەباتی خۆی خورت بكات و بگات بەمافە رەواكانی خۆی بۆ ئەمەش هاوكاری و پشتگیری كردارەكی كوردانە پێویستە، لێرەوە ئێمە وەكو یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK داوا لە تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی وڵات دەكەین كە لەم قۆناخەدا كارنامەیەكی هاوبەش بۆ كارو خەباتی داهاتوویان دابڕێژن و, خۆیان لە ململانێی حزبایەتی بە دوور بگرن و جلی تەنگی حزبایەتی لەبەر خۆیان دابكەنن و جلی كوردایەتی بپۆشن، لەبەرئەوەی ئەم قۆناخە پێویستی بە كوردایەتییە نەك حزبایەتی، لەهەمان كاتدا داوا لە ئێوەی بەڕێز (هاوپەیمانى سەربەخۆییخوازانى کوردستان) دەكەین گوڕو تینێكی دیكە بەكارو خەباتی خۆتان و نەتەوەكەمان لە رۆژهەڵاتی وڵات ببەخشن وبە كردارەكی بێنە مەیدان.
ئێمە لە YNDK هەروەها داوا دەكەین لە ئێستاوە لە رۆژهەڵات كار بۆ پێكهێنان و دامەزراندنی سەندیكا پیشەییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بكرێت ئەمەش وەك هەنگاوێك بۆ رێكخستنی كۆمەڵگە و خۆ بەڕێوەبردن لە داهاتوودا.
لە كۆتاییدا دووبارە هیوای سەركەوتن بۆ (هاوپەیمانى سەربەخۆییخوازانى کوردستان) دەخوازین و هیڤیدارین رۆژهەڵاتی وڵات لە داهاتووی زۆر نزیكدا تەوقی زوڵم و چەوسانەوە بشكێنێت و رزگار و ئازاد بێت، هەروەها جەختدەكەینەوە سەر ئەوەی كە یەكێتی كوردان زامنی سەركەوتن و گەیشتنمانە بە سەربەخۆیی و ئازادی.

لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا .
هەر بژین و سەركەوتووبن بۆ كوردو كوردستان.

غەفوور مەخمووری
سكرتێری گشتیی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
9 / 1 / 2022

Comments

comments

1 COMMENT

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here