پەیماننامەی “سیڤەر” لە نێوان براوەكانی جەنگی جیهانی یەكەم‌و دەوڵەتی عوسمانیدا واژۆكرا، ئەم پەیماننامەیە هەلی بۆ گەلی كورد رەخساند، داوای مافی خۆی‌و دروستكردنی قەوارەیەكی سەربەخۆ بكات، بەڵام  پێش ئەوەی جێبەجێ‌ بكرێت، پەیماننامەكە لەباربرا.

دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەكەم، ساڵی 1920 بۆ گەلی كورد، دەرفەتێكی مێژویی هێنایە ئاراوە، بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن قەوارەیەكی سەربەخۆ، رۆژی (10)ی ئاگوست ، لە ناوچەی “سیڤەر”ی فەرەنسا، وڵاتانی هاوپەیمان، كە براوەی جەنگ بون، لەگەڵ نوێنەرەكانی دەوڵەتی عوسمانی، پەیماننامەیەكیان واژۆ كرد، تێیدا عوسمانییەكان دەستبەرداری ئەو خاكانە بون، كە پێشتر دەستیان بەسەردا گرتبو.

بەشێك لەو ناوچانەی، پەیماننامەی “سیڤەر” دەیگرتنەوە، خاكی كوردستان بوو، بەشێوەیەك نزیكەی (20%)ی كۆی خاكی كوردستان‌و نزیكەی نیوەی خاكی باكوری كوردستان، دەكەوتە چوارچێوەی ئەو نەخشە سیاسییە تازەیەی، كە لە ناوچەكەدا كار بۆ دروستكردنی دەكرا.

بەگوێرەی مادەكانی (88)‌و (89)‌و (90)ی پەیماننامەكە، بوار بۆ گەلی كورد رەخسا، قەوارەیەكی سەربەخۆ بۆ خۆی پێكبهێنێت، بەڵام سەرچاوە مێژوییەكان ئەوە ئاشكرا دەكەن، بەهۆی ناتەبایی سەركردەكانی ئەو كاتەی كورد‌و نەبونی كۆدەنگییەكی نەتەوەیی، كورد هەلەكەی لەدەستدا‌و نەیتوانی بونی خۆی بسەلمێنێت.

پەیماننامەی “سیڤەر” بەشێوەیەك داڕێژرابو، بەشێك لە خاكی كوردستان، دەكەوتەژێر چاودێری وڵاتانی هاوپەیمان‌و بەشێكی دیكەشی دەخرایە سەر ئەو دەوڵەتەی، بڕیاربو بۆ ئەرمەنییەكان پێكبهێنرێت.

كۆمەڵێك هۆكار بونە كۆسپ لەبەردەم كورد، دەرفەتەكە بۆ بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە، كە گرنگترینیان بریتی بون لە دژایەتییەكانی دەوڵەتی توركیای كەمالی‌و نەبونی بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەكان لە ناوچە كوردییەكەدا، لەگەڵ نەبونی هەستی نەتەوەیی لای كوردەكان خۆیان.

توركیا بۆ پوچەڵكردنەوەی ناوەڕۆكی پەیماننامەی “سیڤەر”، هەوڵەكانی خۆی خستەگەڕ‌و لەماوەی چەند ساڵێكدا، توانی وڵاتانی هاوپەیمان رازی بكات، بە واژۆكردنی پەیماننامەیەكی نوێ‌ بەناوی پەیماننامەی “لۆزان”، تێیدا سەرجەم ئەو مادانەی “سیڤەر”ی هەڵوەشاندەوە، كە لەبەرژەوەندی كورددا بون.

بەهۆی جێبەجێنەكردنی پەیماننامەی “سیڤەر”‌و شوێنگرتنەوەی بە پەیماننامەی “لۆزان”، كوردستان نەك بەدو پارچەیی نەمایەوە، بەڵكو لۆزان كوردستانی بۆ چوار پارچە دابەشكرد بەسەر توركیا‌و ئێران‌و عێراق‌و سوریادا، بێجگە لەو ناوچانەی، كە یەكێتی سۆڤیەت دەستی بەسەردا گرتن.

رۆژی ٢٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٢٣ دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەوکاتە لە لۆزانی سویسرادا بۆ وتووێژ سەبارەت بە کێشەی نێوان تورکیای نوێ و یۆنان کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە بۆ بەدواداچوون و درێژەپێدانی پەیماننامەی سیڤەر بوو، کە ساڵی ١٩٢٠ بە بەشداری نوێنەری نەتەوەی کورد لە فەرەنسا بەڕێوەچووبوو.

ئەگەر بەندەکانی پەیماننامەی سیڤەر جێبەجێ بکرابایە لەبەرژەوەندی کورد تەواو دەبوو، چارەنووسی گەلی کوردستان لە ئێستادا جیاوازتر دەبوو، یاخود ئەگەر کورد خۆی بیزانیبایە و سەری لە دیبلۆماسی دەربکردبایە، دەیتوانی بۆ دیوێکی باشتر هەڵیبگێڕێتەوە،

مخابن پەیماننامەی سیڤەر لەگۆڕنرا، بەڵام ئێستاش وەک بەڵگەنامەیەکی مێژووی دەکرێ سوودی لێوەربگیرێت.

وێڕای ئەوەی کە ئێستا پێگەی کورد لە جاران بەهێزترە، وێرای هەموو ئەو ئەگەرانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێکرا، ئەگەر نێوماڵی کوردستانیان رێکنەخرێتەوە، ئەگەر هێزە سیاسیەکان بەرژەوەندی گەل و نیشتمان نەکەنە ئامانج و واز لە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و کەسایەتی نەهێنن، ئەگەر کۆنگرەێکی سەرتاسەری بۆ هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان پێکنەیەت، ئەگەر پێداگری لەسەر منمنۆکی بکرێت، ئەوە لۆزانێکی تر لە کەمین دانیشتووە. بۆ ئەوەی لۆزانێکی دیکە بەرۆکمان نەگرێتەوە، دەبێ سەرکردەی رێکخراوە سیاسیەکان بەو ئامانجانەوە پێبەند بن کە لە پڕۆگرام و بەڵگەنامەکاندا تۆماریان کردوە. زۆر پێویستە رێکخراوە جۆراوجۆرەکان و مێدیاکان و مەڵبەندەکانی رۆشنبیری شێلگیرانە هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵک بدەن و بە ماف و ئامانجەکانی نەتەوەیی و نیشتمانی ئاشنایان بکەن. هەروەها ئەرکی هەموو هێزە سیاسیەکانە کە بواری دیبلۆماسی چالاک و ئەکتیڤتر بکات. مخابن ئەو خەمساردیەی کە ئێستا لە هێزەکانی کوردستان سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی دەبینرێت، خەڵک دەترسێنێ و لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ رایان دەگرێت، هەروەها پەڕۆشی هیزە بەرژەوەندخوازەکانی جیهان لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا بۆ پاراستن و گەورەکردنەوەی بەرژەوەندەکانی ئاماژەێکی ترسناکەو گەلی کوردستانیش ئاگادار دەکاتەوەو دەڵێت: بێدار بن و هێزەکانتان کۆبکەنەوە چونکە لۆزان دەیەوێ خۆی نوێ بکاتەوە!!.

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here