گەلی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

هێز و لایەن و کەسایەتیە سیاسیەکان

سڵاوێکی شۆڕشگێرانەتان پێشکەش بێ.

هەر وەک ئاگادارن هەلومەرجی هەستیاری ئێستا وا دەخوازێ تاکوو ڕیزەکانی ناو ماڵی کورد یەکبخرێن و تەبایی و یەکگرتوویی و هاودەنگی و هاوئاهەنگی لە سەر ئەساس و بنەمای کوردبوون و کوردستانی بوون بکەینە بناغەیەکی پتەو بۆ لە دەستنەدانی دەرفەتی پێشهاتوو.
ئەگەر لەم هەلومەرجە دا نەتوانین دەرفەتەکان لە قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوەکەمان بقۆزینەوە، بێگومان خەبات و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد بە گشتی ڕووبەڕووی نسکۆ و شکستێکی قەرەبوو نەکراو دەبێتەوە .
ئەم دەرفەتە وا دەخوازێ کە بە وەلانانی جیاوازییە فکری و سیاسیەکان و لە سەر بنەمای وەلانانی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی و لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی، شان بە شان و پشت ئەستوور بە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاودەنگ و پشتبەستوو بە گەلانی دیکەی ناو جوغرافیای دەستکردی ئێران و هەرەها بە ڕاکێشانی بیروڕای گشتی جیهانی بەرەو پرسی کورد، یەکجار بۆ هەمیشە کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بێنین .

هێز و لایەنە سیاسیەکان با یەکڕیزی و یەکگرتوویی لە گەل فێر بن کە لە ئێستا دا یەکگرتوانە بەرانبەر داگیرکەری ئێرانی وەستاونەتەوە، با سیاسەتی حەزف و سانسۆڕ و یەکتر قەبووڵنەکردن و خۆ بە میحورە زانین وەلا بنێین و کارێک نەکەین بە هەڵەکانمان ئاو بکەینە ئاشی دوژمنەوە.

پێویستە کۆمیتەیەکی کاری هاوبەشی سەرکرادیەتیی لە ژێر ناوی شۆڕشی ژینا و بە دروشمی ژن ژیان ئازادی، پێکهاتوو لە سەرجەم هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەرباز بوون لە قەیران و چەقبەستوویی و لە نەهایەتدا بۆ ئۆرگانیزەکردنی زیاتری ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک بێ.

هێزی نیزامیی و هێزی پێشمەرگە و گریلای سەرجەم لایەنەکان لە چوارچیوەی ئەرتەشێکی ئامادەی پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و سەرەنجام بۆ یەکلاییکردنەوەی شۆڕشەکە و پێشگرتن بە بەلاڕێداچوون ، پێویستیەکی مێژوویی و هەنووکەییە.

کوردستانیانی تاراوگە و دیاسپۆرا ئەرکدار بکرێن تاکوو جیا لەوەی یارمەتی هەمەچەشن کۆبکەنەوە، هاوکات کۆمەڵگەی جیهانی بۆ پشتیوانی لە شۆڕش هان بدەن و هەروەها بە خۆپێشاندانی مەزن لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی وڵاتان و سەفارەتەکانی ڕژیمی ئێران بیر و ڕای گشتی جیهانی بۆ داکۆکی لە مافی ڕەوای گەلی کورد هاوڕا بکەن.
هەروەها بە هەڵکردنی هێما و پیرۆزییەکانی گەلی کورد و بە تایبەتی ئاڵای پیرۆزی کوردستان ، پێشەنگایەتی، ڕاپەڕین و سەرهەڵدان و شۆڕش و بەرخودانی ئەم جارە بسەلمێنن.

سەردەکەوێ خەباتی ئەم جارەمان بە ڕێبەرایەتی ژنانی ئازادیخواز و پیاوانی بەرابەریخواز

Comments

comments

Leave a Reply